له موعجیزه‌كانى قورئان و فه‌رمووده
1ـ خواى په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت: (مَا أَشْهَدْتُهُمْ خَلْقَ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضِ وَلاَ خَلْقَ أَنفُسِهِمْ وَمَا كُنتُ مُتَّخِذَ الْمُضِلِّينَ عَضُدًا) (الكهف: 51). واته: وه‌نه‌بێت من له كاتى دروستكردنى ئاسمانه‌كان و زه‌ویدا ئه‌وانم ئاماده كردبێت و ئاگادار بووبن له دروستكردنى ئاسمانه‌كان و زه‌وى و دروستبوونى خۆشیان، به ڕاستى من هه‌رگیز ئه‌وانه‌ى خه‌ڵك گومڕا ده‌كه‌ن نه‌مكردووه به یارمه‌تیده‌رى خۆم و پشتم پێ نه‌به‌ستوون. ته‌نها ئه‌م ئایه‌ته به‌سه كه به‌ڵگه بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى قورئان له خواوه‌یه، ئه‌گینا كێ له دنیادا باسى دروستكردنى ئاسمانه‌كان و زه‌وى و مرۆڤى كردووه و، چ كه‌سێك ئیشى به‌و باسه‌یه، ئه‌مه باس و بابه‌تێكه كه كارى مرۆڤ نییه .. ئینجا مه‌به‌ستیشى ئه‌وه‌یه كه دروستكردنى ئاسمانه‌كان و زه‌وى و دروستكردنى مرۆڤ له كاتێكدا بووه كه زانسته‌كه‌ى لاى خوایه و هه‌ر خۆى ده‌زانێ چى كردووه و چۆنى كردووه، بۆیه ئه‌بێ هه‌ر ئه‌و هه‌واڵمان بداتێ و هه‌ر قسه و وتارى ئه‌ویش ڕاسته له‌و باره‌یه‌وه .. 
به‌ڵام ئه‌وه‌ى سه‌یره له ئایه‌تێكى تردا هانمان ده‌دات كه بگه‌ڕێین به زه‌ویدا و دیراسات و لێكۆڵینه‌وه بكه‌ین تا بزانین چۆن بوونه‌وه‌ر و ژیان ده‌ستى پێكردووه، كه ئه‌میش وه‌ك ئه‌و ئایه‌ته‌ى پێشوو ئه‌گه‌ر له خواوه نه‌بێت مرۆڤ چۆن ده‌توانێت شتى وا بڵێت ؟!
[قُلْ سِيرُوا فِي الأَرْضِ فَانْظُرُوا كَيْفَ بَدَأَ الْخَلْقَ ثُمَّ اللَّهُ يُنشِئُ النَّشْأَةَ الآخِرَةَ إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ] (العنكبوت/ 20) ..
واته: ئه‌ى پێغه‌مبه‌ر! پێیان بڵێ: بگه‌ڕێن به زه‌ویدا، ته‌ماشا بكه‌ن و سه‌رنج بده‌ن چۆن ئه‌و زاته دروستكراوانى به‌دیهێناوه، له‌وه‌ودواش هه‌ر خوا سه‌رله‌نوێ دروستیان ده‌كاته‌وه (به شێوازى تر)، به ڕاستى خوا ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا هه‌یه .. هه‌واڵه زانستییه‌كان ده‌ڵێن: زانایان ده‌یان ساڵه خه‌ریكى گه‌ڕانن و دیراسات و لێكۆڵینه‌وه‌ى به‌رده‌وام ده‌كه‌ن و به ملیۆنه‌ها دۆلاریان خه‌رج كردووه تا بزانن چۆن بوونه‌وه‌ر به‌دیهاتووه..
پانزه ملیار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چۆن گه‌ردێكى بێكۆتایى له چڕیدا ته‌قیوه‌ته‌وه و خواى گه‌وره پێى فه‌رمووه: ببه (كن)، بووه به بوونه‌وه‌ر (فكان)! زانایان توانیویانه گه‌ردیله به‌ش بكه‌ن بۆ یه‌ك له‌سه‌ر ملیارێكى مللیمه‌تێك به خێراییه‌ك كه ده‌گاته یه‌ك له‌سه‌ر ملیارێكى چركه‌یه‌ك، كه ئه‌مه‌ش نه من و نه تۆ تێى ناگه‌ین كه چۆن وایه؟!
له نزیك شارى جنیف له سویسرا له‌ژێر زه‌ویدا تونێلێك هه‌یه كه درێژییه‌كه‌ى (27 كم)ه، ئامێرى زۆر زۆر پێشكه‌وتووى تیایه كه گه‌ردیله به خێراییه‌كى زۆر زۆر ده‌دات به‌یه‌كا، كه به‌مه‌ش وزه‌یه‌ك دروست ده‌بێت و وزه‌ش ده‌بێت به مادده، كه ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م جاره بگه‌نه ئه‌وه‌ى وزه بكه‌ن به مادده .. واته ئه‌و وزه‌یه‌ى كه به خێراییه‌ك ده‌ڕوات عه‌قڵ ته‌سه‌ورى ناكات ده‌بێت به مادده! كه ئه‌مه‌ش ته‌فسیرى سه‌ره‌تاى دروستبوونى بوونه‌وه‌ر ده‌كات، پاش ته‌قینه‌وه گه‌وره‌كه له ماوه‌یه‌كى زۆر كورتدا كه یه‌ك له‌سه‌ر هه‌زار ملیۆن ملیۆنى چركه‌یه‌كه؟!
ئه‌م بنكه‌یه كه نۆزده ده‌وڵه‌تى ئه‌وروپیى تیایدا به‌شداره، له ساڵى (1952)ه‌وه و ناوى زانستیى ده‌زگاكه‌ش (سیرن)ـه كه كورتكراوه‌ى فه‌ره‌نسى (المجلس الاوروبی لأبحاث النوویة)یه.. كه له مانگى شه‌شى (2006)دا كردیانه‌وه بۆ خه‌ڵكى.. شایه‌نى باسه له ساڵى (1998)دا ڕێیان دا منداڵان سه‌یرى بكه‌ن و وێنه‌ى بوونه‌وه‌ر بكێشن به خه‌یاڵى خۆیان له سه‌ره‌تاى دروستبوونیدا ..